زیندانی ئێڤین؛ وریشە مورادی ڕەوانەی بەندی ژنان کرا

14:34 - 6 بەفرانبار 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٥ی بەفرانبار، وریشە مورادی (جوانا سنە)، ژنە چالاکی کورد، پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە، ڕەوانەی بەندی ژنانی ئەم زیندانە کرا.

ئەم چالاکە کوردە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا یەک جار چاوی بە بنەماڵەکەی کەوتووە.

 وریشە مورادی پاش دەسبەسەرکران، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و پاش دوو حەفتە لێپرسینەوە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کرابوو.

وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و ئەم ڕێکخراوە ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕوو لە بیروڕای گشتی، ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە کە وریشە مورادی، بە مەبەستی "چالاکیی سیاسی و ڕێکخستنی ژنان" لە کوردستان بووە.

کۆمەڵکەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەختی کردووەتەوە: "بە سەرنجدان بە بێسەروشوێنکردنی هاوڕێ جوانا سنە، لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بەرپرسایەتیی گیانی ئەم ئەندامەمان لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە."

هەروەها ئەم ڕێکخراوەی ژنانە، داوا لە ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ دەکات سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی وریشە مورادی و "سێناریۆسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان" دژی ناوبراو، ڕێوشوێنی پێویست لەبەر بگرن.