دادگای نیزامی بڕیاری وەرگرتنی بارمتەی ٢ میلیاردیی سدیق عەینی، زیندانیی سیاسیی پێشووی دەر کرد

11:20 - 6 بەفرانبار 2723

لقی یەکی دادگای نیزامی یەکی پارێزگای ورمێ، بڕیاری وەرگرتنی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنیی سدیق عەینی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی شنۆی دەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢ی بەفرانباری ١٤٠٢، بنەماڵەی عەینی بانگهێشتی دادگای نیزامی یەکی پارێزگای ورمێ کراون و پێیان ڕاگەیەندراوە کە بارمتە ٢ میلیارییەکەی کوڕەکەیان لێیان وەردەگیردرێت.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند؛ دادگا ٤٥ ڕۆژ کاتی بەم بنەماڵەیە داوە تاکوو بارمتەکە ڕادەست بکەن، ئەگینا بارمتەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠، سدیق عەینی، زیندانیی سیاسیی کورد بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە زیندانی ئەردەبێڵ نێردرایە مورەخەسی و دواتر لە ئێران چووە دەرەوە.

ڕێبەندانی ١٣٩٦، ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە لقی یەکی دادگای نیزامی یەکی پارێزگای ورمێدا بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ یەکێک لە حیزبە کورستانییەکانی حکوومەتی ئێران"، بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ئەردەبێڵ مەحکووم کرابوو، ئەم حوکمە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە و ناوبراو لە زیندانی ورمێوە بۆ زیندانی ئەردەبێڵ، دوور خرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە، ڕۆژی ٢١ی گەلاوێژی ١٣٩٦، لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.

سدیق عەینی، کوڕی خەلیل و لەدایکبووی ١٣٧٥، خەڵکی گوندی "سینگان"ی شنۆیە.