عوسمان ئیسماعیلی لە زیندانی سەقزەوە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا

23:44 - 4 بەفرانبار 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی بەفرانبار، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، بە هۆی نەخۆشی، لە زیندانی ئەم شارەوە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە کرێکارییە، بە هۆی بێتاقەتبوون و ئێشی زۆری سکی، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و پزیشکەکەی بە ناوبراو و بەرپرسانی زیندانی ڕاگەیاند کە تووشی نەخۆشی "فتق" بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پزیشکەکە جەختی کردووەتەوە کە عوسمان ئیسماعیلی بە زووترین کات دەبێ نەشتەرگەریی بۆ بکرێ بەڵام سەرەڕای داواکاریی و جەختکردنەوەی پزیشکەکەی لەمەڕ ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی ئەم چالاکە کرێکارییە، هێزەکان ناوبراویان گەڕاندووەتەوە بۆ زیندانی سەقز.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: عوسمان ئیسماعیلی کێشەی هەناسە و نەخۆشیی دڵیشی هەیە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە پاش پەسندکرانی حوکمی زیندانەکەی لە دیوانی بالای وڵاتدا، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەر حوکمێکی سەبارەت بە جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی پێ گەیشتبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەرمانان، عوسمان ئیسماعیلی لەگەڵ پارێزەرەکەی بە ناوی فەرزاد نەسروڵڵاهی، سەبارەت بە حوکمی سەرەتایی دادگا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داواکاریی خۆیان بۆ پێداچوونەوە بەم حوکمە، بە دیوانی باڵای وڵات گەیاند.

ئەم چالاکە کرێکارییە، لەلایەن لقی یەکی داداگای ئینقلابی سەقزەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران" بە ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی" بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرابوو.

داداگا بە سەرنجدان بە لایەنەکانی کەمکردنەوەی سزا لە ماددەی ٣٨ یاسای سزای ئیسلامی، دەرکراوی ساڵی ،١٣٩٢ لەوانە تەمەنی عوسمان ئیسماعیلی و خێزانداربوونی ناوبراو، بە پشتبەستن بە ماددەی ناوبراو و ماددەی ٦ی کەمکردنەوەی سزای زیندانی تەعزیری دەرکراوی ساڵی ١٣٩٩، حوکمەکەی بە ١٦ مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو، کەم کردبووەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی عوسمان ئیسماعیلی بە سەرۆکایەتیی داداوەر "جەواد مستەفایی"، سەرۆکی لقی یەکی داداگای ئینقلابی سەقز و "کەیوان جەهانی"، ڕاوێژکاری دادگای ئینقلابی سەقز بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خاکەلێوە، عوسمان ئیسماعیلی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی، هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ئەم چالاکە کرێکارییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عوسمان ئیسماعیلی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی "شوهەدا"ی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.