سنە؛ هاووڵاتییەکی کورد بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

23:31 - 4 بەفرانبار 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٤ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەدجەعفەر محەممەدی"، تەمەن ٥٥ ساڵ، کوڕی تۆفیق و خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە گەڕەکی "حاجیاوا"ی سنە و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

بەپێی بەڵگەیەک کە بەدەستی کوردپا گەیشتووە، دەسبەسەرکرانی محەممەدجەعفەر محەممەدی، پاش تۆمارکردنی سکاڵای ناوبراو دژی پێرسۆنێلی ئینتیزامیی شاری سنە لەمەڕ لێدان و دەسبەسەرکرانی نایاسایی ناوبراو لە دادسەرای نیزامیی پارێزگای سنە ڕووی داوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١، مورتزا محەممەدی و سیروان محەممەدی، کوڕەکانی محەممەدجەعفەر محەممەدی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کران.