پشتڕاستکردانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی کوردی یارسان لە دیوانی باڵای وڵاتدا

00:59 - 4 بەفرانبار 2723

حوکمی لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی، لە هاووڵاتییانی کوردی یارسانی خەڵکی شاری سەحنە، سەر بە پارێزگای کرماشان، لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حوکمی لەسێدارەدرانی ئەم هاووڵاتییە، لە لقی ١٧ی دیوانی باڵای وڵاتدا بە سەرۆکایەتیی دادوەر "بارانی"، پشتڕاست کراوەتەوە.

١٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، خەیروڵڵا حەقجوویان، چالاکی مەدەنیی یارسان و زیندانیی سیاسیی پێشوو، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک وەکوو کەفیلی ڕەزا ڕەسایی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر شکاندنی بێدەنگی لەمەڕ دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدران دژی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕەخنەی لە دەنگی بەناحەقی دادوەر، دادڕەسیی نادادپەروەرانە دژی ڕەزا ڕەسایی و دەرکرانی حوکمگەلێک کە لای ناوەندە ئەمنییەتییەکان بووەتە باو، گرت.

ئەم ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، بە ئاماژە بە دەرکرانی حوکم بە بێ سەلماندنی تاوان دژی ڕەزا ڕەسایی، سەبارەت بە دۆسییەی ناوبراو دەڵێ: دەسبەسەکرانی سەرەڕۆیانە، دەسپێڕانەگەیشتنی ڕەزا ڕەسایی بە پارێزەر، دەسپێڕانەگەیشتننی ناوبراو بە دۆسییەکەی، ئەندازیاریکردنی بیری گشتی، ناڕوونیی شاهێدەکان و بەڵگەکان، کەڵکوەرگرتن لە شاهیدی درۆیین وەکوو تاوانبار و هاندانیان دژی یەکتر و هەڕەشە و دانپێدانانی زۆرەملێ، نیشاندەری ناداداپەروەرانەبوونی ڕەوتی دادڕەسی و ڕووننەبوونەوەی ڕاستییەکانە.

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵی یارسان، خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان کە لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە ڕێبەرانی کوردی یارسان و لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی دەسبەسەر کرابوو، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرا.

ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەری یەکی کرماشان بە تۆمەتەکانی "کوشتنی بەئەنقەست"ی نادر بەیرامی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سەحنە، "توندوتیژیی بەئەنقەست"، "کەڵکوەرگرتن لە چەقۆ بۆ نیشاندانی هێز" و "تیکدانی ئاسایشی گشتی بە نانەوەی هەرا"، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرا.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ بەڕێوەچووە و حوکمی لەسێدارەدرانەکەشی ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ بە شێوەی نووسراو، بە پارێزەرەکەی  ڕاگەیەندراوە.

ڕەزا ڕەسایی لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگادا هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردووەتەوە و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگاییدا بە هۆی "ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژی" ناچار بە دانپێدانی زۆرەملێ کراوە.

ڕەزا ڕەسایی ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگایی شەهریاری تارانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی سەحنە کراوە. ناوبراو بۆ ماوەی یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگایی سەحنەدا بۆ قەبووڵکردنی تۆمەتی "کوشتن"ی نادر بەیرامی، لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە.

ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کراوە و سەرلەنوێ پاش ٢١ ڕۆژ، لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە دەسبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە زیندانی دێزڵاوای کرماشانەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئاگایی ئەم شارە کرابوو.

ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کوردی کۆمەڵگەی یارسانی شاری سەحنە تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی بوو و هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان و بە گازی فرمێسکرێژ و فیشەکی جەنگی، توندوتیژیی بەدوادا هات. کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەم پێوەنددییەدا ڕایگەیاند؛ "لەم توندوتیژییەدا دەیان کەس دەسبەسەر کران و چەندین کەسیش کوژران و بریندار بوون کە بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای شاری سەحنە، یەکێک لە کوژراوەکانە."

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لەم دۆسییەیەدا، شەش کەسی دیکەش بە ناوەکانی "فەرهاد بەیگ وەیسی، سەید ڕەسووڵ ڕەزەوی، سەید مەعسووم ڕەزەوی، ئاتمین حەق مونجوق، پوریا منەتی مەنجوق تەپە و شەجامع منەتی مونجوق تەپە" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی"، لە ڕێگەی هەرانانەوە ، بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراون.

بە وتەی سەرچاوەی کوردپا، لە کاتێکدا کە ڕێوڕەسمی ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بەشێوەی هێمنانە و بە وتنەوەی دروشمی خەڵکی و مەحکوومکردنی کوشتار و سەرکوتی خەڵک درێژەی هەبوو و هێشتا کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بەوەی کە بۆچی هێزە سەرکوتکەرە_ئەمنییەتییەکان ئەم ڕێوڕيسمەیان تووشی توندوتیژی کرد، لەگۆڕێدایە، دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ڕەزا ڕەسایی لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە کاتی لێپرسینەوە و دەسبەسەرکرانی هەڕەمەکی، نیشاندەری دۆسییەسازیی ئەمنییەتی دژی خەڵک و درێژەی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادییە.