بانگهێشتکردنی یاسر ڕەحمانی‌ڕاد، بۆ لقی یەکی دادگای گشتیی بەشی ڕوومشکان

00:50 - 4 بەفرانبار 2723

یاسر ڕەحمانی‌ڕاد، پزیشکی گشتی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بانگهێشتی لقی یەکی دادگای گشتیی بەشی ڕوومشکان، سەر بە لوڕستان کرا.

ئەم پزیشکە بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە پێی گەیشتووە دەبێ ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢، بە مەبەستی وەرگرتنی ئاخرین بەرگرییەکەی، لە دادگادا ئامادە بێت.

یاسر ڕەحمانی‌ڕاد سەبارەت بە بانگهێشتکرانی بۆ دادگا، لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "ڕۆژی ٥ی بەفرانبار، سێ ڕۆژی تر، لەگەڵ پارێزەرەکەم، پەیام درەفشان، بۆ بەرگری لە خۆم سەبارەت بە تۆمەتی وەپاڵدراو پاش ئاخرین دەسبەسەرکرانم لە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە داداگادا ئامادە دەبم. تۆمەتی وەپاڵدراو پاش چەند قۆناغ گۆڕان، لە کۆتاییدا بووەتە "پڕوپاگەندە دژی نیزام". ئەگەر هاودەردیکردن و نووسین لە ڕەنج و ئازاری بریندارانی ناڕەزایەتییەکان و بەتایبەت ئەوانەی کە بە هۆی ساچمەی سۆربییەوە چاویان لەدەست داوە، پڕوپاگەندە دژی نیزام بە ئەژمار دێت، من شانازیی پێوە دەکەم، ئەگەر یارمەتیگەیاندنی دەرمانی و یارمەتیدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی برینداربووان، ئەرکێک کە لەسەر شانی دەسەڵات بووە و من بەشێکم لە ئەستۆ گرتووە و بە هۆیەوە زیندانی دەکرێم، پڕوپاگەندە دژی نیزامە، من دووپاتی دەکەمەوە."

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢، یاسر ڕەحمانی‌ڕاد، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ تمەنی لە زیندانی خوڕماوا ئازاد کرا.

ئەم پزیشکە، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە خوڕماوا دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لەم شارە کرابوو.

ناوبراو شەوی سێشەممە، ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢، لە یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپاوە بۆ بەندی گشتیی زیندانی خوڕماوا ڕاگوێزرابوو.

یاسر ڕەحمانی‌ڕاد، پزیشکی گشتی، لە سەرماوەزی ١٤٠١دا کە لەگەڵ دوو پزیشکی دیکە لە شارەکانی تاران و خوڕماوا، چووبوونە مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لەم شارە دەسبەسەر کران. یاسر ڕەحمانی‌ڕاد ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا.

ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی مەهابادەوە سەبارەت بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی و دەرەکیی وڵات "، بە بێتاوان ناسرا و هەموو کەرەستە پزیشکییەکان و یارمەتییە خەڵکییەکان کە لە کاتی سەفەر بۆ مەهاباد، پێی بوو، بە قازانجی هێزی دادوەری دەستیان بەسەردا گیرا.