شاهۆ بەرهەم و ئێحسان محەممەدی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کران

09:54 - 2 بەفرانبار 2723

شاهۆ (ئەیووب) بەرهەم کوڕی عیسا و ئێحسان محەممەدی کوڕی ئیبراهیم، هەر دوو خەڵكی شنۆ و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدی، لەلایەن لقی یەکی دادگای کەیفەری یەکی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگای ورمێوە بە پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کران.

بەپێی حوکمی دەرکراو، ئەم دوو مێرمنداڵە، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان"، هەرکامەیان بە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی بە هەژماردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو، مەحکووم کراون.

هەروەها، دادگا بە پشتبەستن بە ڕای پزیشکی دادوەری سەبارەت بە نەبوونی گەشەی تەواوی هزری و نائاگابوون سەبارەت بە تاوانی موحاربە لەلایەن ئەم دوو مێرمنداڵەوە و نەبوونی ڤیدیۆی پێوەندیدار لە کاتی تێكدان و ئاگرتێبەردانی کەلوپەلی گشتی، ئەم دوو مێرمنداڵەی لە تۆمەتی تێکدان و ئاگرتێبەردانی بەئەنقەست، وەکوو دژایەتی لەگەڵ حکوومەت (لە حوکمی موحاربە)، بێتاوان ناسیوە.

ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەر، شاهۆ بەرهەم و ئێحسان محەممەدی، پاش تێپەربوونی یەک ساڵ لە دەسبەسەرکرانیان، هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

شاهۆ بەرهەم، ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.

شاهۆ بەرهەم، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی ٣ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئێریک مارکوارد، ئەندامی پارلەمانی ئورووپا، کەفاڵەتی سیاسیی ئێحسان محەممەدی لە ئەستۆ گرت.

ئێریک مارکوارد، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیبووی: من کەفاڵەتی ئێحسان لە ئەستۆ دەگرم. ئەو تەمەنی ١٦ ساڵە و تۆمەتی "موحاربە"ی لێ دراوە و ئەگەری هەبووە لە سێدارە بدرێت، لە ڕابردووشدا کەسی وا کە نەگەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی چەندین جار لە ئێراندا بە لەسێدارەدران مەحکووم کراون و لە سێدارە دراون.

 ئێحسان محەممەدی ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠١، پاش بانگهێشتکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ، دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو پاش ماوەیەک بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ورمێ ڕاگوێزرابوو و لە ماوەی لێپرسینەوەکەشدا ئەشکەنجە دراوە.

ئێحسان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ورمێ ڕاگیرابوو.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: شاهۆ بەرهەم و ئێحسان محەممەدی