سەوڵاوا؛ دوورخرانەوەی حکمەت ساڵحی، مامۆستای ناڕازی بۆ شاری بیجاڕ

09:45 - 2 بەفرانبار 2723

حکمەت ساڵحی، مامۆستای قۆناغی سەرەتایی، بە هۆی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە شاری سەوڵاواوە بۆ شاری بیجاڕ دوور خرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم مامۆستایە بە ٩ ساڵ پێشینەی کارەوە، لە شوێنی وانەوتنەوەی خۆی لە گوندی "سەرپیر"، سەر بە بەشی هەورامانی سەوڵاوا، بۆ قوتابخانەی گوندی "پیرتاج"، سەر بە شاری بیجاڕ دوور خراوەتەوە.

پێشتر ئەم مامۆستایە لەلایەن لێژنەی پێڕاگەیشتن بە لادانە ئیدارییەکانی پەروردە و بارهێنان، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە پیرۆزییەکان"، بە دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری بیجاڕ مەحکووم کرابوو.

تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەم مامۆستایە، پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی پێوەندیدار لە سۆشیاڵ میدیا ڕاگەیەندراوە.