بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی وریشە مورادی، ژنە چالاکی کورد لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین

09:37 - 2 بەفرانبار 2723

وریشە مورادی (جوانا سنە)، ژنە چالاکی کورد، کە ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە دەوروبەری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، هێشتا دەسبەسەرە و لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە کوردە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا یەک جار چاوی بە بنەماڵەکەی کەوتووە.

 ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: وریشە مورادی پاش دەسبەسەرکران، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و پاش دوو حەفتە لێپرسینەوە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، کۆتاییەکانی مانی گەلاوێژی ئەمساڵ، ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کراوە.

وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و ئەم ڕێکخراوە ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕوو لە بیروڕای گشتی، ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە کە وریشە مورادی، بە مەبەستی "چالاکیی سیاسی و ڕێکخستنی ژنان" لە کوردستان بووە.

کۆمەڵکەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەختی کردووەتەوە: "بە سەرنجدان بە بێسەروشوێنکردنی هاوڕێ جوانا سنە، لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بەرپرسایەتیی گیانی ئەم ئەندامەمان لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە."

هەروەها ئەم ڕێکخراوەی ژنانە، داوا لە ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ دەکات سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی وریشە مورادی و "سێناریۆسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان" دژی ناوبراو، ڕێوشوێنی پێویست لەبەر بگرن.