دوو کەس لە پێرسۆنێلی پێترۆشیمیی ئیلام، هەوڵی خۆکوژییان دا

20:12 - 30 سەرماوەز 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی سەرماوەز، جەواد نەورۆزی و مستەفا عەباسی، لە پێرسۆنێلی پێترۆشیمی چواری ئیلام، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دەرکرانیان لەسەر کارەکانیان، هەوڵی خۆکوژییان دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە پاش دەرکران لەلایەن بەرپرس و حەراسەتی ئەم کۆمەڵەیەوە، لە ڕێگەی خۆ‌هەڵواسینەوە لە شوێنی کارەکەیان، هەوڵی خۆکوژییان داوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە، ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و دۆخیان ناجێگیر ڕاگەیاندراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، شەوی چوارشەممە، ٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ، حەیدەر موحسنی لە کرێکارانی پێترۆشیمی چواری ئیلام، بە هۆی دەرکران لەسەر کارەکەی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەفرانباری ساڵی ١٤٠١یش، ئارش تەبەڕۆک، پێرسۆنێلی پێترۆشیمی چواری ئیلام پاش دەرکران لە کارەکەی و قەدەغەکردنی ڕۆیشتنی بۆ شوێنی کارەکەی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١یشدا، دوو کەس لە کرێکارانی دەرکراوی پێترۆشیمیی ئیلام، بە ناوەکانی "محەممەدنەبی مەنسووری" و عەلی محەممەدکەریمی"، خەڵكی شاری چوار سەر بە پارێزگای ئیلام، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی و ئابووری، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.