موژگان کاوسی، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، ڕەوانەی زیندانی تۆن‌کابۆن کرا

11:54 - 29 سەرماوەز 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، موژگان کاوسی، لێکۆڵەر و چالاکی بواری زمان و ئێتنیکی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، پاش بانگهێشتکران بۆ لقی جێبەجێکاری حوکمە کەیفەرییەکانی ئەم شارە، دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی تۆن‌کابۆن کرا.

خەزەڵوەری ئەمساڵ، حوکمی زیندانی موژگان کاوسی لە لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانبار، ئەم لێکۆڵەرە، پاش تێپەڕاندنی ١٠٤ ڕۆژ دەسبەسەریی کاتیی و بێتاوان ناساندنی لە تۆمەتی "افساد فی الارض" بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی لە زیندانی قائم‌شار ئازاد کرا.

موژگان کاوسی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سارییەوە، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٣٩ مانگ زیندان، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "چالاکی پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندان، مەحکووم کراوە و لە تۆمەتی "افساد فی الارض"، بێتاوان ناسراوە.

بەپێی یاسای بەرزترین سزا، ٣٩ مانگ زیندان بە هەژماردکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو بۆ ئەم نوسەرە کوردە جێبەجێ دەکرێ.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز، یەکەمین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی موژگان کاوسی لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ساری، بە ئامادەبوونی عوسمان موزەیەن و مازیار تاتایی، پارێزەرانی دۆسییەکەی بەڕێوەچوو و ناوبراو وێڕای تۆمەتەکانی پێشوو، بە "افساد فی الارض"یش تۆمەتبار کرابوو.

موژگان کاوسی لە دادسەرای نۆشەهردا بە "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵات" و "هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن" تۆمەتبار کرابوو کە لە قۆناغی دادسەرادا لەگەڵ هەبوونی پارێزەر بۆ دۆسییەکەی دژایەتی کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، ئەو چالاکە کوردە لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی تونکابۆن ڕاگوێزرابوو.

موژگان کاوسی پێشینەی مەحکوومییەتی هەبووە و ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، بە مەرەخەسیی گرێدراو بە ئازادی لە زیندانی کەچووئی کەرەج ئازاد کرابوو.