حوکمی زیندان و دوورخرانەوەی پەرهام پەروەری، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە

12:59 - 28 سەرماوەز 2723

حوکمی زیندان و دوورخرانەوەی پەرهام پەروەری، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پشتڕاستکرانەوەی ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە پارێزەری ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

پەرهام پەروەری لەلایەن لقی ٢٨ی داداگی ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد، بە ١٠ ساڵ دوورخرانەوە بۆ زیندانی جاسک لە پارێزگای هۆرمۆزگان و ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی سیشەممە، ٣٠ی جۆزەردان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی جۆزەردان، دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی پەرهام پەروەری، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزادە" بەڕێوە چوو و ناوبراو بە بوونی پارێزەرەکەی، مازیار تاتایی، سەبارەت بە تۆمەتەکانی "موحاربە" و "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" بەرگریی لە خۆی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، ئەندازیار پەرهام پەروەری، خەڵکی سەقز لە زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی بەفرانباری ١٤٠١، پاش تێپەڕبوونی ٤٦ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی پەرهامدا، ئیزنی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەری پێ درابوو.

مازیار تاتایی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری پاش خوێندنەوەی دۆسییەی پەرهام پەروەری بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە تۆمەتی "موحاربە"، لە دۆسییەی پەرهام لە شوێنی خۆیەتی.

پاش بڵابوونەوەی هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەمەڕهەڵوەشاندنەوەی تۆمەتی "موحاربە" لە دۆسییەی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا، لەگەڵ کوردپا ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەندازیار "پەرهام پەروەری" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

پەرهام پەروەری ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی فەشافوویە کرا.

ناوبراو دوای حەفتەیەک ڕاگیران لە زیندانی "فەشافوویە" بۆ زیندانی "ئێڤین" گوازرابووەوە.

"پەرهام پەروەری" تەمەنی ٢٥ ساڵە و دەرچووی ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی "سەنعەتـ"ـی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانیی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.

ناوبراو لە شیرکەتێکی ئەندازیاری لە شاری تاران خەریکی کارکردن بووە.