مەهاباد؛ ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبیی کورد بە زیندان و دوورخرانەوە مەحکووم کرا

10:46 - 28 سەرماوەز 2723

ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگیی کوردی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی"، بە زیندان و دوورخرانەوە مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم چالاکە فەرهەنگییەی بە "کۆبوونەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات و پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە و بەپێی حوکمی دەرکراو، ناوبراو بە ٤٥ مانگ زیندان و دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ ئەراک، مەحکووم کراوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: ئەشکان فەهیم پێشینەی نەخۆشیی دڵی هەیە و دادوەر "دووستی" بۆ ئازادیی کاتیی ئەم هاووڵاتییە و پێڕاگەیشتن بە دۆخی تەندروستیی ناوبراو، بارمتەی قەبووڵ نەکردووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی ڕەزبەر، ئەشکان فەهیم لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو و دواتر ڕيوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، ٦٠ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپا هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەشکان فەهیم و ئەم دوو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردوون. هێزەکانی سپا بە گەمارۆدانی کۆڵانی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەشکان و شکاندنی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەی، بە توندوتیژی و لێدانی ئەم دوو لاوە بە قونداغی چەک، لە کاتێکدا کە بریندار بوون و تووشی خوێنڕێژی ببوون، دەسبەسەریان کردوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لێدان و توندوتیژیی هێزەکانی سپا لە ئاستێکدا بووە کە ئەشکان فەهیم لە تۆی پەتوودا ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپا لە ورمێ کراوە.

ڕەزا ئەندیشە، چالاکی مەدەنی، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، پاش تێپەڕبوونی مانگێک لە دەسبەسەرانی توندوتیژانەی، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.