مەریوان؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی عادڵ پیرووزی، زیندانیی سیاسیی پێشوو

10:41 - 28 سەرماوەز 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێک لە دەسبەسەرکرانی عادڵ پیرووزی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی گوندی "سەردۆش" سەر بە شاری مەریوان، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەم هاووڵاتییە، لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی ڕابردوودا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە بەدواداچوونی بنەماڵەی پیرووزی بۆ ئاگاداربوونەوە لە دۆخی کوڕەکەیان بێ‌ئاکام بووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، عادڵ پیرووزی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی "سەردۆش"ی مەریوان، پاش بانگهێشتکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کرا.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری بانگهێشتکران و دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩، ئەم زیندانییە سیاسییەی پێشوو هاوکات لەگەڵ تەشەنەسەندنی کۆرۆنا، لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

عادڵ پیرووزی، خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دەسبەسەر و پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

ئەم لاوە کوردە هەر بەم تۆمەتە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و زستانی ساڵی ١٣٩٨یش بە مەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.