بانگهێشتی فایەق یووسفی بۆ کەڵانتەری و هێرشی ١٥ کەس لە هێزە لیباس شەخسییەکان بۆ سەر ماڵی ناوبراو

12:16 - 26 سەرماوەز 2723

هێزە ئەمنییەتییەکانی سەقز، بە فێڵی "سکاڵای ڕوووداوی هاتوچۆ"، وێڕای بانگهێشتی فایەق یووسفی، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ" و زیندانیی سیاسیی پێشوو بۆ یەکێک لە کەڵانتەرییەکانی شاری سەقز، هێرشیان کردە سەر ماڵی ناوبراو و دەستیان بە پشکنینی ماڵ و ماشینەکەی کرد.

فایەق یووسفی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک بە زمانی کوردی لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا، ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٢، لەلایەن کەڵانتەری ١١ی سەقزەوە پێوەندییان لەگەڵ گرتووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە سەبارەت بە ڕووداوێکی هاتوچۆ سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و خۆی بەو شوێنە بناسێنێ. لە درێژەدا، کاتژمێر ١١ی شەو و کاتێک کە فایەق یووسفی لە ماڵ نەبووە، ١٥ کەس لە هێزە لیباس شەخسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و دەستیان بە پشکنینی ماڵ و ماشینەکەی کردووە.

ئەم زیندانییە سیاسییەی پێشوو کە سێ ڕۆژە لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆیەتی، وێڕای ڕەتکردنەوەی هەر چەشنە ڕووداوێکی هاتوچۆ، لە درێژەی ڤیدیۆکەدا دەڵێت: لە بواری دەروونی و جەستەییەوە کیشەم نییە و بەتەواوەتی سڵامەتم و کەسێکی وەرزشکارم.

هەروەها لە درێژەدا، جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر دەسبەسەر بکرێم یان تووشی هەر کیشەیەکی تر بم، بێگومان لەلایەن ئیدتلاعاتەوە بوو و ئیتلاعاتی سەقز بەرپرسیارە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٢، ٩ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان لەژێر ناوی کارمەندی ئیدارەی ئاو بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی هوشیار شەعبانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و ماڵەکەیان پشکنیوە. هێزەکانی حکوومەت بە زۆر بەڵێننامەیان لە ئەندامانی بنەماڵەی هوشیار وەرگرتووە و داوای ڕادەستکردنی هوشیاریان کردووە.

ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٩، فایەق یووسفی بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی سەقز ناساندبوو و ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی سەقز ئازاد کرابوو.

ئەم شاخەوانە، ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٨، لەگەڵ "هادی محەممەدزادە"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی خەرمانانی ١٣٩٨، فایەق یووسفی پاش دوو مانگ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و ٢٥ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقزەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ١٠ مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژماردکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم کرا و لە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بێتاوان ناسرا.

حوکمی ئەم هاووڵاتییە لە دادگای پێداچوونەوەی سنەدا بۆ ٦ مانگ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.