هێزە ئەمنییەتییەکان لەژێر ناوی کارمەندی ئیدارەی ئاو، بەمەبەستی دەسبەسەرکردنی هوشیار شەعبانی ماڵی ناوبراویان پشکنیوە و بەڵێننامەیان لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە

02:44 - 24 سەرماوەز 2723

دوابەدوای بانگهێشتکرانی هوشیار شەعبانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنی بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی بانە و چەندین جار هێرشکردنە سەر ماڵی ناوبراو لە خەرمانانی ١٤٠٢دا بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی، هێزە ئەمنییەتییەکان لەژێر ناوی کارمەندی ئیدارەی ئاو، بەمەبەستی دەسبەسەرکردنی هوشیار شەعبانی ماڵی ناوبراویان پشکنیوە و بەڵێننامەیان لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٢، ٩ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان لەژێر ناوی کارمەندی ئیدارەی ئاو بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی هوشیار شەعبانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و ماڵەکەیان پشکنیوە. هێزەکانی حکوومەت بە زۆر بەڵێننامەیان لە ئەندامانی بنەماڵەی هوشیار وەرگرتووە و داوای ڕادەستکردنی هوشیاریان کردووە.

دوابەدوای ئەوەی کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە بانە، ڕۆژی ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٢، هێرش دەکەنە سەر ماڵی ناوبراو لە بانە بەڵام ناتوانن دەسبەسەری بکەن؛ بۆیە دۆسییەی بۆ ساز دەکرێت و کۆتاییەکانی خەزەڵوەری ١٤٠٢، بە مەبەستی بەرگری لە خۆی، بانگهێشتی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی بانە دەکرێت.

ئەم هاووڵاتییە، لە ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠دا، لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقزەوە جێگیر لە شاری بانە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەکبەر میرزایی و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

 دادگا هەشت مانگ سزای زیندانیکردنی ئەم هاووڵاتییەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵپەسارد و قەراری هەڵپەساردنی ٨ مانگ لە سزاکەی بە شێوەیەک ڕاگەیەندراوە کە ناوبراو لەو ماوەیەدا ئەرکدار بکرێ بەوەی کە بەشێوەی دەورەیی خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە بناسێنێ و بەڵگەی پێویستیش بۆ یەکەی بەڕێوەبردنی سزای کەیفەریی ئەو شوێنە بباتەوە کە حوکمەکەی تێدا دەرکراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی بانە کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠، هوشیار شەعبانی بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو.

 هوشیار شەعبانی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بەهۆی خوێنڕێژیی گەدە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی ڕاگوێزرابوو.

 هێزە ئەمنییەتییەکان لە ماوەی ٨٤ ڕۆژ ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لە ژووری تاکەکەسی، بە توندترین شێوە ئازار و ئەشکەنجەیان کردبوو و بەم هۆیەوە دوو جار تووشی خوێنڕێژیی گەدە ببووە.

 ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا، لە دەسپێڕاگیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

 ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٠، ئەم هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هوشیار شەعبانی، ساڵەکانی ٩٦، ٩٧ و ٩٨یش بە هۆی چالاکیی مەدەنی وەکوو ڕێکخستنی کەمپەینی پشتیوانی لە کۆڵبەران و مانگرتنی بازاڕیان و کسبکاران، دەسبەسەر و زیندانی کراوە.