عوسمان قادری بەهۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی بە هۆی ئەشکەنجەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی نەغەدە کرا و بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

02:26 - 24 سەرماوەز 2723

هاووڵاتییەک بە ناوی "عوسمان قادری"، تەمەن ٥٤ ساڵ و کوڕی ئەبووبەکر، خەڵکی نەغەدە، بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی بە هۆی ئەشکەنجەکران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەم شارە کرا و ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی سەرماوەز بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی سەرماوەز، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا و بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی بە هۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی نەغەدە کرا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە بە هۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە دوو جار ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سەیدوشوهەدا و عارفیانی ورمێ کرابوو.

عوسمان قادری پاش خەوێندران لە نەخۆشخانەی نەغەدە، بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و دەسبەسەریان کردووە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی عوسمان قادری زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.