تاران؛ فواد فەتحی، چالاکی کرێکاری بە زیندان و سزای تەکمیلی مەحکووم کرا

01:37 - 23 سەرماوەز 2723

ڕۆژی شەممە، ١١ی سەرماوەز، فواد (سیرووس) فەتحی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەفشاری"، بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری و سزای تەکمیلی مەحکووم کرا.

دادگا، ئەم چالاکە کرێکارییەی بە "ئەندامەتی لە کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەوڵدان دژی تەناهیی وڵات و پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە و بەپێی حوکمی دەرکراو، ناوبراو بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری، قەدەغەکرانی چوونەدەرەوە لە وڵات بۆ ماوەی دوو ساڵ، قەدەغەبوونی ئەندامەتی لە گرووپ و سەندیکا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ و وەرگرتنەوەی مافی نیشتەجێبوون لە تاران و دەوروبەری بۆ ماوەی دوو ساڵ، مەحکووم کراوە.

ڕۆژی شەممە، ١٣ی خەزەڵوەر، فواد (سیرووس) فەتحی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا.

فواد فەتحی لە چالاکانی کرێکاریی بەپێشینەی خەڵکی سنەیە.