کەیوان نەبی لە زیندانی نەغەدەوە نێردرایە مورەخەسی

01:31 - 23 سەرماوەز 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی سەرماوەز، کەیوان نەبی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی پیرانشار لە زیندانی نەغەدەوە نێردرایە مورەخەسی.

ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانان، کەیوان نەبی، تەمەن ٢٨ ساڵ و کوڕی ئەبووبەکر، خەڵکی پیرانشار، پاش بانگهێشتکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن لقی یەکی داگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو"، بە ٦ ساڵ و سێ مانگ زیندان مەحکووم کراوە کە بەپێی ئەم حوکمە، ناوبراو بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٣٢ مانگ زیندان و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٤٣ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

بەپێی حوکمی کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا بۆ ئەم هاووڵاتییە، جێبەجێ دەکرێ.

ناوبراو لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە سێ مانگ زیندان و لێدانی ٤٥ قامچی مەحکووم کرا کە ئەم حوکمە بۆ پێبژاردنی سێ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی گۆڕدرا.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش سێ ڕۆژ ڕاگیران لە گرتنگەی ئیتلاعاتی پیرانشاردا، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.

کەیوان نەبی، پاش ٢٦ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە ڕاگوێزرا و پاش ٣٧ مانەوە لە زیندانی نەغەدە، ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١،  بە بارمتەی ٣ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

کەیوان نەبی خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.