مامۆستا زانا خۆشامەن، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

20:32 - 22 سەرماوەز 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی سەرماوەز، مامۆستا زانا خۆشامەن، خەڵکی پەسوێ و دانیشتووی شیناوێی پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر ئوجاقلوو"، بە دوو ساڵ و یەک مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەم حوکمە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی جۆزەردان بە شێوەی فەرمی بەم مامۆستایە ڕاگەیەندراوە.

مامۆستا زانا خۆشامەن بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو و هاوسەرەکەی، سنوور قادری پاش دوو ڕۆژ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەم مامۆستا ئایینییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

مامۆستا زانا خۆشامەن، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

مامۆستا زانا خۆشامەن، پێشتر پێشنوێژی گوندی "یوونس لیان"ی شنۆ، گوندی "کۆنەقەڵا"ی نەغەدە و گوندی "شەختان"ی پیرانشار بووە.

هەروەها چەند ساڵیش لە قوتابخانەی زانستی دینیی سەلاحەدین ئەیووبیی پیرانشار وانەی وتووەتەوە.