زیندانی نەغەدە؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی حوسێن مەحموودپوور، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار

10:55 - 11 سەرماوەز 2723

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حوسێن مەحموودپوور"، کوڕی عەزیز و خەڵکی گوندی "گەرگولی خوارێ"، سەر بە شاری پیرانشار، هێشتا لە زیندانی نەغەدە دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی کوردپا، ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی ئازادیی کاتی بێبەری بووە و لە زیندانی نەغەدە، ڕاگیراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی حوسێن مەحموودپوور بەڕێوە نەچووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ، ١٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی پیرانشار و ٢٥ ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لێپرسینەوەی لێ کراوە وپاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کردووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی گەلاویژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.

حوسێن مەحموودپوور، لەدایکبووی ٣ی پووشپەڕی ١٣٥١ـە.