حوکمی لەسێدارەدرانی دوو زیندانیی خەڵکی هەرسین و کەنگاوەر لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا

20:28 - 22 سەرماوەز 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی سەرماوەز، حوکمی لەسێدارەدرانی "ئەمین زاکری کاکاوەند"، زیندانیی خەڵکی هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان و "خەلیل حاجی ئابادی"، زیندانیی خەڵکی کەنگاوەر سەر بە پارێزگای کرماشان، لە زیندانیی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.

ئەم دوو زیندانییە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدران، ڕەوانەی ژووری تاکەکەستی زیندانی ناوەندیی کەرەج کرابوون.

ئەم دوو زیندانییە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە "ماددەی هۆشبەر"، دەسبەسەر و لەلایەن ناوەندە دادوەریەکانەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوون.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم دوو زیندانییە، لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان یان میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.