جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەک لە زیندانی ناوەندیی سنە

20:22 - 22 سەرماوەز 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی سەرماوەز، حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەک بە ناوی "داوود خادمی"، خەڵکی مەریوان، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

ئەم زیندانییە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانەکەی، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە کرابوو.

ئەم زیندانییە، چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو.

ئەم زیندانییە باوکی دوو منداڵ بووە.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییە، لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.