سێ هاووڵاتیی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەیان، ڕەوانەی زیندانی بۆکان کران

20:10 - 22 سەرماوەز 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی سەرماوەز، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کازم مام ئیسماعیل"، "حوسێن ئەحمەدی" و "یوونس مەحموودزادە"، خەڵکی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەیان، ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کران.

ئەم سێ هاووڵاتییە، بەفرانباری ساڵی ١٤٠١، لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکاندا بە تۆمەتەکانی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام"، دادگایی کران و بەپێی حوکمی دەرکراو، کازم مام ئیسماعیل بە یەک ساڵ زیندان، حوسێن ئەحمەدی بە سێ ساڵ زیندان و یوونس مەحموودزادە بە سێ ساڵ و ٨ مانگ زیندان مەحکووم کران.

ئەم سێ هاووڵاتییە، ڕۆژی دووشەممە، ٧ی خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوون.

ئەم سێ کەسە پاش چەند حەفتە لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان، ئازاد کرابوون.