جەلال ئەمینی بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا

03:00 - 22 سەرماوەز 2723

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز، جەلال ئەمینی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، پاش بانگهێشتکران بۆ لقی جێبەجێکاری حوکمە کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا.

ئەم هاوڵاتییە، بەفرانباری ساڵی ١٤٠١، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە سێ ساڵ و ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا و پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی ناوبراو، لە دادگای پێداچوونەوەدا حوکمەکە بۆ دوو ساڵ و شەش مانگ زیندان کەم کرایەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانانی ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠١، ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە، بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان بە داخستنی جاددەی "میراوا" بۆ بۆکان ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگرتبوو و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.

جەلال ئەمینی بە مەبەستی لێپرسینەوە، ڕەوانەی یەکێک کە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.

جەلال ئەمینی هاوژینی عەزیمە ناسری، زیندانیی سیاسیی پێشوویە کە مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو و مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر و پاش چەند مانگێک لە دەسبەسەرکرانی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرابوو.