ڕاگواستنی پەخشان عەزیزی بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین

02:54 - 22 سەرماوەز 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پەخشان عەزیزی، ژنە چالاکی کورد و زیندانیی پێشووی خەڵکی مەهاباد، پاش چوار مانگ لێپرسینەوە، لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی بەندی ژنانی ئەم زیندانە کرا.

پەخشان عەزیزی،  ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە تاراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

پەخشان عەزیزی لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە هەتا ئێستا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر، ماڵپەڕی "بی تاوان"، سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، باسی لە دەسبەسەرکردنی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و سیروان محەممەدڕەزایی بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران " کرد.

وریشە مورادی (جوانا سنە)، ژنە چالاکی کورد، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە دەوروبەری سنەدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران، دژی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە کوردستان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم ژنە چالاکە کوردە پاش ماوەیەک لە ئێران چووبووە دەرەوە و چەند ساڵێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێ بوو.