فریشتە حوسێنی بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا

03:58 - 21 سەرماوەز 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، فریشتە حوسێنی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، پاش بانگهێشت بۆ لقی جێبەجێکاری حوکمە کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی حوکمی زیندانەکەی، ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەم هاووڵاتییە، ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و کۆتاییەکانی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢، ئەم حوکمە لە داداگای پێداچوونەوەدا، پشتڕاست کرایەوە.

فریشتە حوسێنی، ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ١٨ ڕۆژ، لە ڕۆژی ٢٠ی خەرمانانی هەمان ساڵدا، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.