تاران؛ هێزە ئەمنییەتییەکان پێشیان بە چوونەدەرەوەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی پێدانی خەڵاتی ساخارۆف گرت

11:54 - 18 سەرماوەز 2723

بنەماڵەی ژینا ئەمینی بڕیار بوو سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٨ی سەرماوەز، بۆ  بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف لە پارلەمانی ئورووپا، بچنە فەرانسە کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاراندا، پێشیان بە سەفەرەکەیان گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە موژگان ئێفتخاری، ئەمجەد ئەمینی و  ئەشکان ئەمینییان ڕاگەیاندووە کە چوونەدەرەوەیان قەدەغە کراوە و پاسپۆرتەکانیشیان لە فڕۆکەخانەدا لێیان وەرگیراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بنەماڵەی ئەمینی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی پارلەمانی ئورووپا، خەریکی ڕۆیشتن بۆ فەرانسە بوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێززە ئەمنییەتییەکان زیاتر لە یەک کاتژمێر، لە فڕۆکەخانەدا، لێپرسینەوەیان لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بڕیار بووە بنەماڵەی ژینا ئەمینی، کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی ئەمڕۆ شەممە، ١٨ی سەرماوەز، بە فڕۆکە بچنە وڵاتی فەرانسە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان لە کۆتاییدا ئیزنی چوونەدەرەوەیان بە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی داوە کە بچێتە فەرانسە و بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی ژینا، بەشداری لەو ڕێوڕەسمەدا بکات و خەڵاتەکە وەربگرێت.

پارلەمانی ئورووپا، خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٣، بۆ ئازادیی ئەندێشە (ساخارۆف)ی پێشکەش بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرد و رێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتەکەش حەفتەی داهاتوو لە شاری ستراسبۆرگی فەرانسە بەڕێوە دەچێت.

ڕۆژی هەینی، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١، ژینا ئەمینی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز، کە لە ئاکامی لێدانی هێزەکانی گەشتی ئێرشاددا چووبووە کۆماوە، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.