٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «پژمان ئەمانی»، لاوی ١٨ ساڵانی خەڵکی سەقز، ناوبراو هێشتا لە لە مافی هەرچەشنە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن بە بنەماڵەکەیەوە بێبەری کراوە و لە شوێنێکی نادیاردا لەژێر لێپرسینەوەدایە و هیچ زانیارییەک لەبارەی بارودۆخ و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «پژمان ئەمانی»، لاوی ١٨ ساڵانی خەڵکی سەقز، ئەو هێشتا لە شوێنێکی نادیار و لە گرتنگەیەکی ئیدارهی‌ ئیتلاعاتی سەقزدا لەژێر لێپرسینەوەدایە و هیچ زانیارییەک لە بارەی بارودۆخ و چارەنووسیەوە لەبەر دەستدا نییە.

«پژمان ئەمانی»، لاوی ١٨ ساڵەی خەڵکی سەقز و کوڕی «ئیبراهیم»، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکانیان، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. هەروەها لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا، مۆبایلی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی، لەوانە باوک، دایک و براکەی، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و زەوت کراوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. ناوبراو لە ماوەی ئەو ٢٠ ڕۆژەدا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن بە بنەماڵەکەیەوە بێبەش بووە.