ئیتلاعاتی ورمێ، داواکاریی سەمەد شابۆیی بۆ وەرگرتنی ئازادیی کاتی ڕەت کردەوە

20:21 - 13 سەرماوەز 2723

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەمەد شابۆیی"، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "شاوانە"، سەر بە شاری شنۆ، بە هۆی دژایەتیی ئیتلاعاتی ورمێ، لە ئازادیی کاتی بێبەری بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگوستەریی ورمێ، بۆ ئازادیی کاتیی ئەم هاووڵاتییە، سێ میلیارد تمەن بارمتەی دیاری کردووە بەڵام بە هۆی دژایەتیی ئیتلاعاتی ورمێ هێشتا دەسبەسەرە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئیتلاعاتی ورمێ بە دادگای ڕاگەیاندووە کە تا دەرچوونی حوکم بۆ سەمەد شابۆیی، داواکارییەکەی بۆ ئازادیی کاتیی قەبووڵ نەکەن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەمەد شابۆیی پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراوە و تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٣١ی گەلاوێژ، ئەم هاووڵاتییە پاش بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی پووشپەڕیش، سیامەند شابۆیی، برای سەمەد شابۆیی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری هەولێر، تێرۆر کرا.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سەمەد شابۆیی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.