هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەریوان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنیان
![](/content/upload/1/news-kurdpa/5922.jpg)
ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان لە گوندی "لەنجاوا"ی مەریوان، بە مەبەستی دەسبەسەرکردن، هێرشیان کردە سەر ماڵی دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "ئاراس فەرەجی" و "کاوە فەرەجی".
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش ئەوەی کە نەیانتوانی ئەم دوو هاووڵاتییە دەسبەسەر بکەن، دەستیان بە پشکنینی ماڵەکانیان و لێپرسینەوە لە بنەماڵەکانیان کردووە و دەستیان بەسەر کەرەستەی تاکەکەسییاندا گرتووە.
کاوە فەرەجی، لە زیندانییانی سیاسیی پێشووە کە لە ساڵی ١٣٩٠دا دەسبەسەر و پاش چەندین مانگ دەسبەسەرکران و ئەشکەنجە لە ژووری تاکەکەسیدا بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا. ناوبراو ڕۆژی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩٥، لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی ئازاد کرا.
ئاراس فەرەجی و کاوە فەرەجی، ئامۆزای یەکترن.
وێنە لە راستەوە بۆ چەپ: کاوە و ئاراس فەرەجی