سنە؛ گێڕانەوەیەک لە برینداربوونی فەریبا مینبەری بە زیاتر لە ١٣ فیشەکی ساچمەیی و ئەو ساچمانەی کە هێشتا لە شوێنە هەستیارەکانی جەستەیدا ماونەتەوە

20:14 - 13 سەرماوەز 2723

فەریبا مینبەری، هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی سنە، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە خەزەڵوەری ١٤٠١، لاقی چەپ و ڕاست، پشت و ملی کرانە ئامانجی فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت و سەرەڕای تێپەڕینی ساڵێک هێشتا بەشێک لە ساچمەکان لە شوێنە هەستیارەکانی جەستەیدا بەجێ ماون.

کوردپا کە بە شێوەی تایبەت شێوازی برینداربوون و گیانلەدەستدانی ناڕازییان دەگێڕێتەوە، ئەمجارە شێوازی برینداربوونی فەریبا محەممەدی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی سنە بە ١٣ فیشەکی ساچمەیی دەگێڕێتەوە.

شێوازی تەقەکردن لە فەریبا مینبەری و برینداربوونی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتەوە؛

فەریبا مینبەری لە یەکێک لە ڕۆژانی خەزەڵوەری ١٤٠١دا و لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانەکان لە سنە بەربڵاوتر ببوونەوە، لە شەقامی "فێردەوسی"ی ئەم شارەدا بە زیاتر لە ١٣ فیشەکی ساچمەیی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بریندار کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە چۆنیەتیی برینداربوونی فەریبا مینبەری بە کوردپای ڕاگەیاند: کاتژمێر ١٠ی بەیانیی یەکێک لە ڕۆژەکانی خەزەڵوەری ١٤٠١ بوو. خۆپیشاندانەکان لە شەقامی "فێردەوسی''دا خەریک بوو دەستیان پێ دەکرد کە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت لە گۆڕەپانی "ئێقباڵ"ەوە بەرەو شەقامی "فێردەوسی" هێرشیان کرد و تەقەیان لە هاووڵاتییانی ناڕازی کرد.

هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت شەش ماتۆڕسوار بوون کە بە فیشەکی ساچمەیی تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی شەقامی "فێردۆسی'' کرد. فەریبا مینبەری یەکێک لە برینداران بوو کە لاقی چەپ و ڕاست، مل و پشتی بە زیاتر لە ١٣ فیشەکی ساچمەیی بریندار کران.

شاردنەوەی فەریبا مینبەری لە دووکانێکدا بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر بۆ پێشگرتن لە ناسینەوە و دەسبەسەرکرانی؛

دوای برینداربوونی فەریبا مینبەری، هاووڵاتییان دەیبەنە نێو یەکێک لە پاساژەکانی سنە و بە بەستنی دەرکەی دووکانەکە، دەیشارنەوە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، ئەم ژنە بریندارە دوای ٤ کاتژمێر شاردنەوە، پێوەندی بە یەکێک لە ناسیاوەکانی خۆیەوە دەکات و ڕەوانەی شوێنێکی ئەمن دەکرێت.

گواستنەوەی فەریبا مینبەری لەنێو شەقامەکانی سنەدا؛

کوردپا بۆ دەستخستنی زانیاریی زیاتر لە پێوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی گواستنەوەی فەریبا مینبەری لەنێو گازی فرمێسکڕێژ و هێزە سەرکوتکەرەکان لە کۆڵانەکانی سنە، پێوەندیی لەگەڵ ئەو کەسە گرتووە کە یارمەتیی فەریبای داوە تاکوو بە شوێنێکی ئەمن بگات، ناوبراو  لەوبارەوە دەڵێت: ئەو کاتەی کە فەریبا داوای یارمەتیی کرد، تازە گەڕابوومەوە ماڵەوە، بەڵام بێ ڕاوەستان خۆم گەیاندە ئەو پاساژەی کە خۆی تێدا حەشار دابوو. لە کۆڵانەکانی سنەدا هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت بە گازی فرمێسکڕێژ تەقەیان لە خەڵک دەکرد و دووکەڵ  تەواوی کۆڵانەکانی ’‘فەرەح''ی داگرتبوو. لە "سێڕێیانی نمەکی"دا دەنگی تەقەی گازی فرمێسکڕێژ دەهات و خۆم یەکێک لەو کەسانە  بووم کە تووشی کوخەگەلێکی توند بووم. فەریباش بەم هۆیەوە تووشی کۆخە ببوو و توانیم فەریبا بگەیێنمە شوێنێکی ئەمن.

ڕێژەی دووکەڵی گولـلەی گازی فرمێسکڕێژ هێندە زۆر بوو کە تەنانەت پاش گواستنەوەی فەریبا بۆ شوێنێکی ئەمن، نزیک نیو کاتژمێر کۆخەی توندم هەبوو.

دەرهێنانی ساچمەکان لە جەستەی فەریبا مینبەری لە دەرەوەی نەخۆشخانە لە ترسی دەسبەسەرکران؛

پاش گواستنەوەی فەریبا مینبەری بۆ شوێنی ئەمن، لە ترسی دەسبەسەرکرانی لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، خۆمان بوارد و کادری پزیشکی هەر لەو شوێنە ئەمنە هەوڵی دەرهێنانی ژمارەیەک لە ساچمەکانیان لە جەستەی دا، بەڵام هێشتا چەند ساچمەیەک لە جەستەیدا ماونەتەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەوبارەوە دەڵێت: لەترسی دەسبەسەرکران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتەوە، کادری پزشکی بە شێوەی خۆڕسک و شەوانە هەوڵی دەرهێنانی ساچمەکانیان لە لاقی ڕاست و چەپ و نێوقەدی فەریبا دا، بەڵام هێشتا چەند ساچمەیەک بە هۆی هەستیاربوونی شوێنی ساچمەکان لە جەستەیدا ماونەتەوە و دەرنەهێندراون.

فەریبا مینبەری؛

فەریبا مینبەری لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٦، کچی حەنیفە و ئەحمەد و خەڵکی گوندی نییەر سەر بە شاری سنەیە.