چوار هاووڵاتیی کورد بۆ جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەیان، ڕەوانەی زیندانی شنۆ کران

11:55 - 10 بەفرانبار 2723

ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "یەعقووب مەحموودی‌ئازەر"، "یووسف ڕەحمانی"، "بەهمەن مەحموودی‌ئازەر" و "موحسن عەزیزی"، خەڵکی شنۆ، بۆ جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەیان، ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کران.

لقی یەکی دادگای ئینقلابی شنۆ ئەم چوار هاووڵاتییەی بە "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو و بەپێی حوکمی دەرکراو، یەعقووب مەحموودی‌ئازەر بە ٧ ساڵ زیندان، یووسف ڕەحمانی بە ٢ ساڵ و پێنج مانگ زیندان، بەهمەن مەحموودی‌ئازەر بە ٧ ساڵ زیندان و موحسن عەزیزی بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرابوون.

بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا بۆ یەعقووب مەحموودی‌ئازەر و بەهمەن مەحموودی‌ئازەر جێبەجێ دەکرێ.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١، یەعقووب مەحموودی‌ئازەر خەڵکی گوندی "سینگان"، سەر بە شاری شنۆ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی گەلاوێژی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

موحسن عەزیزی، خەڵکی شنۆ سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی گەلاوێژی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١، بەهمەن مەحموودی‌ئازەر، خەڵکی شنۆ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی گەلاوێژی هەمان ساڵ لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.