بانگهێشتی بنەماڵەی ئێحسان قاسمیفەرد، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ئیتلاعاتی کەنگاوەر
زۆهرە پایرووند و مێهدی قاسمیفەرد، دایک و برای ئێحسان قاسمیفەرد، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدی، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەنگاوەر کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی سیشەممە، ٧ی سەرماوەز و ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی سەرماوەز، زۆهرە پایروود و مێهدی قاسمیفەرد پاش بانگهێستکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کەنگاوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە کە لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی کوڕەکەیان، خۆ ببوێرن.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، بەم بنەماڵەیان ڕاگەیاندووە کە بەڕوەبردنی ڕێوڕەسم بۆ ئێحسان دەبێ بە ئیزنی ئەوان بێت.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەتییەکان پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ئێحسان قاسمیفەرد لەلایەن بنەماڵەکەیەوە گرت.
ڕۆژی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠١، ئێحسان قاسمیفەرد، لاوی تەمەن ٣٦ ساڵی کوردی خەڵکی کەنگاوەری کرماشان و دانیشتووی کەرەج، پاش دۆڕانی تیمی فووتباڵی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر تیمی ئامریکا، لەلایەن ٥ بەسیجییەوە لە کۆڵانێکدا دەسبەسەر و بە خراپترین شێوە لێی درا. ناوبراو لە ئاکامی چەند کاتژمێر ئەشکەنجە و لێدانی هێزە بەسیجییەکان لە تەعمیرگایەکی ماشیندا، گیانی لەدەست دا.