ورمێ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ١٠ هاووڵاتیی کورد
دە هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "تەیفوور سەلیمی بابامیری"، تەمەن ٤٧ ساڵ، "هێمن کرمانج"، "ئەحمەد مامزادە" تەمەن ٦٥ ساڵ، "ئەبووبەکر مامزادە" تەمەن ٥٣ ساڵ، "سۆران قاسمی" تەمەن ٢٨ ساڵ، "پژمان سوڵتانی" تەمەن ٣٠ ساڵ، "کاوە ساڵحی" تەمەن ٤٠ ساڵ، "ڕزگار بابامیری" تەمەن ٤٣ ساڵ، "جەلیل مەولوودی" و "جوانمەرد مام خوسرەوی" تەمەن ٥٠ ساڵ، هەروەها چارەنووسیان ناڕوونە و لە دەسبەسەریدان.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کەسانە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون و سەبارەت بە دۆخییان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە رایگەیاند: ئەم کەسانە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێدا، کەوتوونەتە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانەوە.
تەیفوور سەلیمی بابامیری، ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بانە دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.
ئەم هاووڵاتییە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.
ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، ئەحمەد مامزادە، ئەبووبەکر مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکانی خۆیاندا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون.
ڕزگار بابامیری و جەلیل مەولوودییش ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بانە دەسبەسەر کراون.
هەروەها ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢، جوانمەرد مام خوسرەوی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بانە دەسبەسەر کراوە.
هێمن کرمانج کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی "یاسیکەند"، سەر بە شاری بۆکان، ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.