زیندانی بۆکان؛ مەسعوود دارسەنج نێردرایە مورەخەسی

15:21 - 26 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، مەسعوود دارسەنج، زیندانیی سیاسیی خەڵکی بۆکان، لە زیندانی ئەم شارەوە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ نێردرایە مورەخەسی.

ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی جۆزەردان، ئەم زیندانییە سیاسییە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و ناردنی ڤیدیۆ و هەواڵ بۆ میدیاکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، دروشمنووسین و بڵاوکردنەوەی تراکت"، بە ٣٣ مانگ زیندان مەحکووم کرا و ئەم حوکمە سەرەتاکانی بانەمەڕ بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠١، مەسعوو دارسەنج بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییکانەنی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە  و یەک مانگ دەسبەسەریی کاتی، بە دانانی بارمتەی ٣٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.