سنە؛ ئومید ئەسەدی بە ٣٩ مانگ زیندان مەحکووم کرا

18:42 - 24 خەزەڵوەر 2723

ئومید ئەسەدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی کامێران، دانیشتووی شاری سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر، "کەرەمی"، بە ٣٩ مانگ زیندان مەحکووم کراوە کە جێبەجێکرانەکەی لەلایەن دادگاوە بۆ ماوەی دوو ساڵ، هەڵپەسێردراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەر، بانگهێشتی دادگا کراوە و حوکمی سەرەتایی پێ ڕاگەیەندراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بەپێی حوکمی دەرکراو، ئەم چالاکە کرێکارییە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ٣٢ مانگ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٧ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دادگا بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیتلاعاتی سنە، ئەم حوکمەی بۆ ئەم چالاکە کرێکارییە، دەر کردووە.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەر لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بەڕێوە چووبوو.

ئومید ئەسەدی، خەرمانان ١٤٠١، بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی ٥ی ڕەزبەری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.