بانە؛ برینداربوونی چوار کۆڵبەر لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە/٢ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵە

18:26 - 24 خەزەڵوەر 2723

لە درێژەی شەپۆلی تەقەکردنە هەڕەمەکییەکانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان، چوار کۆڵبەر کە دوو کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە، لە سنووری بانە و بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بریندار کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، چوار کۆڵبەر بە ناوەکانی ئاروین محەممەدی، تەمەن ١٤ ساڵ و خەڵکی سنە، ئیمان(پاشناو ناڕوون)، تەمەن ١٧ ساڵ، حەسەن(پاشناو ناڕوون)، تەمەن  ٢٠ ساڵ، شاهۆ(پاشناو ناڕوون)، تەمەن ٢١ ساڵ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار کران.

هەر لەم پێوەندییەدا  ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئێحسان ئیسماعیلزادە"، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری بانە بریندار کرا.