ورمێ؛ مامۆستا محەممەد شەریفی، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

23:00 - 21 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، مامۆستایەکی ئایینیی کورد بە ناوی "مامۆستا محەممەد شەریفی"، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی بۆکان، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا ئایینییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی خەرمانان، ئەم مامۆستا کوردە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خەرمانان، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم مامۆستایە و پاش شکاندنی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەی، دەسبەسەریان کرد.

هێەز ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەم مامۆستایە، لەپتابەکەی، مۆبایلی خۆی  و هاوسەرەی، کامێرای چاوەدێریی ماڵەکە و کتێبەکانی ناوبراویشیان لەگەڵ خۆیان برد.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی مامۆستا محەممەد شەریفی، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.