ورمێ؛ برای فەرجاد دەرویشی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کرا

15:35 - 20 خەزەڵوەر 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەیاد دەرویشی، برای فەرجاد دەرویشی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، سەیادیان لە یەکێک لە شەقامەکانی ورمێدا دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە، ڕەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی دەرویشی بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سەیاد دەرویشی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

شەوی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، فەرجاد درویشی، لاوی تەمەنی ٢٣ ساڵی خەڵکی گوندی "بالوو"، سەر بە ورمێ، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شارەکی وەلیعەسری ورمێ و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.