بانە؛ کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار کرا

10:18 - 20 خەزەڵوەر 2723

شەوی پێنجشەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێک بە ناوی "کامران ڕەحیمی"، کوڕی ڕەحیم و خەڵکی بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری ئەم شارە، بریندار کرا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.

لە ئاکامی ئەم تەقەیەدا، چاوی ئەم کۆڵبەرە بریندار بووە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی تەورێز کراوە.

ئەم کۆڵبەرە خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.

هەر لەم پێوەندییەدا، شەوی سێشەممە، ١٦ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئازاد ستارپەنا"، کوڕی مەحموود و ئامێنە، خەڵکی سەقز، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکووومەت لە سنووری بانە کوژرا.