چوار ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کران

00:38 - 20 خەزەڵوەر 2723

سەیدئەمین عەباسی، خەیروڵڵا حەقجوویان، پاکزاد تاهیری و نەوشاد تاهیری لە ئەندامانی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و وەرگرتنی مۆبایلەکانیان، ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئیتلاعاتی سپا بە فەرمانی دادستانی سەحنە، ئەم چوار ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسانی دەسبەسەر کردبوو کە پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و وەرگرتنی مۆبایلەکانیان ئازادیان کراون.

ڕۆژی هەینی، ١٩ی خەزەڵوەر، ئەم چوار ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە خاڵی پشکنینی "پاتاق"، هەڵکەوتوو لە ١٥ کیلۆمیتریی ڕێگای سەرپێڵ بۆ کرماشان دەسبەسەر کرابوون.

ئەم چوار کەسە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، لە کاتێکدا کە بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد کە لە مورەخەسیدایە، لە سەحنەوە بەرەو کرماشان وەڕێ کەتبوون، لە کاتی گەڕانەوەدا دەسبەسەر کرابوون.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: خەیروڵڵا حەقجوویان، نەوشاد تاهیری و سەیدئەمین عەباسی