زیندانی یەزد؛ ئیتلاعاتی سپا، داواکاریی خالید زەمانی، زیندانی سیاسیی کوردی بۆ ئازادیی مەرجدار و وەرگرتنی مورەخەسی ڕەت کردەوە

00:48 - 19 خەزەڵوەر 2723

خالید زەمانی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری خۆی کە ماوەی ٣٠ ساڵەی زیندانەکەی لە زیندانی یەزد تێدەپەڕێنێت، بە هۆی دژایەتیی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە مافی ئازادیی مەرجدار و نێردران بۆ مورەخەسی بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لەم دواییانەدا، شۆرای ڕیزبەندیی زیندانی ناوەندیی یەزد و دادوەری چاوەدێر بە سەر زینداندا، داواکاریی ناوبراو بۆ ئازادیی مەرجداریان قەبووڵ کردووە، بەڵام ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ئەم داواکارییەی ناوبراوی ڕەت کردووەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: شۆرای ئینزباتیی زیندانی یەزد لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین جار داواکاریی ناوبراوی بۆ وەرگرتنی مورەخەسی قەبووڵ کردووە بەڵام، هەموو جار ئیتلاعات ئەم داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە.

خالید زەمانی، کوڕی یووسف، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری خۆی، ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٥ حەفتە لێپرسینەوەی لێ کراوە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە خراپترین شێوە لێپرسینەوەیان لێ کردووە و ئەشکەنجەی فیزیکییان داوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە، پاشان لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی خۆیەوە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەورۆزی"، بە تۆمەتی "موحاربە"، لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی حکوومەتی ئێران بە "بڕینەوەی دەستی چەپ و لاقی ڕاست"، مەحکووم کراوە کە ئەم حوکمە پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی خالید زەمانی لە دیوانی باڵای وڵاتدا ڕەت کراوەتەوە.

خالید زەمانی، دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێوە بە ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی یەزد مەحکووم کراوە.

پاش پشتڕاستکرانەوەی حوکمی ئەم زیندانییە سیاسییە، ناوبراو ڕۆژی ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٨٨، لە زیندانی خۆیەوە بۆ زیندانی یەزد دوور خرایەوە.

خالید زەمانی دۆسییەکەی لەگەڵ فەسیح یاسەمەنی، زیندانیی سیاسیی کورد کە ڕۆژی ٨ی بەفرانباری ١٣٨٨ لە زیندانی خۆی لە سێدارە درا، هاوبەشە.