حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەک لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا

18:47 - 17 خەزەڵوەر 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر، حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەک بە ناوی "ئەکبەر فەڕۆخی"، خەڵکی ورمێ، لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا.

ئەم هاووڵاتییە تورکە، ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی خەزەڵوەر، لەگەڵ زیندانییەکی دیکە بە ناوی "ئەمین خورشیدی"، خەڵکی گوندی "نێرگێ"، سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەمین خورشیدی بە وەرگرتنی لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، لە داری سێدارە ڕزگاری بووە.

ئەمین خورشیدی، ١٤ ساڵ پیش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"ی یەکێک لە هاوگوندییەکانی خۆی دەسبەسەر و لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو و ئەکبەر فەڕۆخیش نزیک بە ٤ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەکبەر فەڕۆخی لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.