سنە؛ فەرهەنگ عیووزی، لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیدا لە زیندان ئازاد کرا

10:22 - 17 خەزەڵوەر 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فەرهەنگ عیووزی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"، سەر بە شاری سنە، لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیدا، لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە، باقی ماوەی حوکمەکەی خۆی لە دەرەوەی زیندان و بە سنووردارکرانەوەی هاتوچۆکردنی لە سنە، تێپەڕ دەکات.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١، فەرهەنگ عیووزی پاش بانگهێشت بۆ دادگای ئینقلابی سنە دەسبەسەر و بەمەبەستی جێبەجێبوونی حوکمەکەی بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە سێ ساڵ و ٩ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ ئەم هاووڵاتییە پاش ٤٣ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە پێوەندیی تلفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم چالاکە کوردە و دەسبەسەریان کرد.