ئەحمەد عەلیزادە بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئیلام کرا

00:49 - 15 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی خەزەڵوەر، ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای بەپێشینە و چالاکی سێنفیی خەڵکی شاری ئاودانان، بە مەبەستی جیبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، خۆی ڕادەستی زیندانی ئیلام کرد.

ئەحمەد عەلیزادە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەجەب محەممەدی"، بە زیندان و سزای تەکمیلی مەحکووم کرابوو.

دادگا ئەم مامۆستایەی بە تۆمەتەکانی "دروستکردنی دەستە و گرووپی زیاتر لە دوو کەس بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٦ ساڵ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری، ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری، دوو ساڵ هەڵپەساردن، دوو ساڵ ژیان لە شاری فەنووج سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و وەرگرتنەوەی ئیزنی چالاکی لە دنیای مەجازی، بۆ دوو ساڵ مەحکووم کردبوو.

ئەم حوکمە ڕۆژی شەممە، ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١، بەم مامۆستایە ڕاگەیەندرا.

خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، ئەحمەد عەلیزادە لەلایەن لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە لادانە ئیدارییەکانی کارمەندانی پەروەردەی پارێزگای ئیلام، بە تۆمەتەکانی "تیکدانی ئاسایشی گشتی، گوێنەدان بە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی جیبەجیکردنی ئەرکەکانیان، تێکدان و ئاگرتێبەردانی شار و لیدریکردنی خەڵک بە ئامانجی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات"، بە خانەنشینکران و کەمکردنەوەی دوو گرووپ مەحکووم کرابوو.

ئەحمەد عەلیزادە، شەوی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم مامۆستایە، ڕۆژی شەممە، ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١یش، پاش بانگهێشتکرانی بۆ دادگوستەریی ئەم شارە بە بڕیاری دادستان دەسبەسەر کرابوو و بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزرابوو.