تاران؛ فواد فەتحی، چالاکی کرێکاری دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا

00:36 - 15 خەزەڵوەر 2723

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ١٣ی خەزەڵوەر، فواد (سیرووس) فەتحی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە کرێکارییە پاش چەند کاتژمێر ناڕوونیی چارەنووسی، شەوی شەممە، ١٣ی خەزەڵوەر، لە پێوەندییەکی کورتی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە لە زیندانی ئێڤینە و لەلایەن لێپرسی لقی ٧ی دادسەرای ئێڤینەوە، تۆمەتەکانی بۆ ڕوون کراونەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی خەزەڵوەر، بنەماڵەی ئەم چالاکە کرێکارییە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی ناوبراو، سەردانی دادسەرای ئێڤین کردووە بەڵام بەرپرسانی زیندان وتوویانە کە ناوی فواد لە سیستمەکانیاندا تۆمار نەکراوە.

فواد فەتحی لە چالاکانی کرێکاریی بەپێشینەی خەڵکی سنەیە.