پشتیوانیی خەیروڵڵا حەقجوویان، چالاکی کوردی یارسان و زیندانیی سیاسیی پێشوو لە ڕەزا ڕەسایی، زیندانیی مەحکووم بە لەسێدارەدران

10:21 - 13 خەزەڵوەر 2723

خەیروڵڵا حەقجوویان، چالاکی مەدەنیی یارسان، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک وەکوو کەفیلی ڕەزا ڕەسایی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر شکاندنی بێدەنگی لەمەڕ دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدران دژی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕەخنەی لە دەنگی بەناحەقی دادوەر، دادڕەسیی نادادپەروەرانە دژی ڕەزا ڕەسایی و دەرکرانی حوکمگەلێک کە لای ناوەندە ئەمنییەتییەکان بووەتە باو، گرتووە.

ئەم زیندانییە سیاسییەی پێشوو، لە بەشێک لە قسەکانی خۆیدا، بە ئاماژە بەوەی کە هەر چەشنە ڕوونکردنەوەیەک بە تێکدانی بیری گشتی ناو دەبردرێ و بۆ بەرگری لە قسەکانی خۆی؛ ڕووداوەکانی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی، سێناریۆسازی بە مەبەستی سەرکوت، بارمتەگرتن و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگە زانیوە.

ئەم ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، بە ئاماژە بە دەرکرانی حوکم بە بێ سەلماندنی تاوان دژی ڕەزا ڕەسایی، سەبارەت بە دۆسییەی ناوبراو دەڵێ: دەسبەسەکرانی سەرەڕۆیانە، دەسپێڕانەگەیشتنی ڕەزا ڕەسایی بە پارێزەر، دەسپێڕانەگەیشتننی ناوبراو بە دۆسییەکەی، ئەندازیاریکردنی بیری گشتی، ناڕوونیی شاهێدەکان و بەڵگەکان، کەڵکوەرگرتن لە شاهیدی درۆیین وەکوو تاوانبار و هاندانیان دژی یەکتر و هەڕەشە و دانپێدانانی زۆرەملێ، نیشاندەری ناداداپەروەرانەبوونی ڕەوتی دادڕەسی و ڕووننەبوونەوەی ڕاستییەکانە.

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵی یارسان، خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان کە لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە ڕێبەرانی کوردی یارسان و لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی دەسبەسەر کرابوو، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

خەیروڵڵا حەقجوویان، ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، ڕۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کرابوو. ناوبراو لە چواردەیەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنیدا، واتە ڕۆژی ٦ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە زیندان ئازاد کرا. خەیروڵڵا حەقجوویان لەلایەن دادگای ئینقلابی سەحنەوە بە یەک مانگ زیندانی تەعزیری و ١١ مانگ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی ٥ ساڵ مەحکووم کرابوو.