بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ورمێ

12:09 - 8 خەزەڵوەر 2723

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سیامەک هەیاسی" و "ئالان داغدار"، خەڵکی گوندی "حاجیاوا"، سەر بە شاری بۆکان، پاش تێپەڕبوونی ٦ مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانیاندا، هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە و لە زیندانی ورمێ ڕاگیراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە پاش ٥ مانگ دەسبەسەرکران لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: ئەم دوو هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، سیامەک هەیاسییان دەسبەسەر کرد و پاشان دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کرد.

هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ناوبراو، لەوانە: لەپتاب، فلەش مێمۆری و مۆبایلەکەی داگرتووە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خاکەلێوە، ئالان داغدار بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرا.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە: سیامەک هەیاسی