ورمێ؛ کوژرانی ژنێکی لاو بە پاساوی "نامووس" لەلایەن براکەیەوە
شەوی شەممە، ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، ژنێکی لاو بە ناوی "ویدا دێهقان پیرانجخ"، کچی "عەبدولباقی"، خەڵکی گوندی "پیرانجخ" سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ و دانیشتووی گەڕەکی "کوشتارگا"، لەژێر ناوی "نامووس"، لەلایەن براکەیەوە کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم ژنە تەمەن ٢٠ ساڵەیە بەدەستی براکەی خۆی بە ناوی "کامران" کە تەمەنی ١٥ ساڵ بووە، بە پاساوی "نامووس" و "هەبوونی پێوەندیی هاوتەریب"، خنکاوە.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە دۆخی ژیانی ئەم لاوە ڕایگەیاند؛ ناوبراو دوو ساڵ پیش ئێستا ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پاش ئەوەی کە لەگەڵ هاوسەرەکەی تووشی کێشە بووە، گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی باوکی.
"کامران دێهقان پیرانجخ"، کە وەکوو بکوژی خوشکەکەی ناسراوە، پاش قەتڵی خوشکەکەی هەڵاتووە و تاکوو ئێستا دەسبەسەر نەکراوە.
تەرمی "ویدا دێهقان پیرانجخ"، ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، لە گۆڕستانی "باخی ڕزوان"ی ورمێ، بە خاک سپێردرا.
ئەم ژنە تەمەنی ٢٠ ساڵ بووە و منداڵێکی هەیە.
کوردپا وێڕای مەحکوومکردنی ژنکوژی، جەخت دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی ئارپاتایدی ڕەگەزییە و ژنان لەم حکوومەتەدا لەژێر ستەم، سەرکوت، قەتڵی حکوومتی و یاساکان و پێکهاتەی سیستماتیکی دژەژندان، لەلایەکی دیکەوە حکوومەت کەڵکی کۆمەڵایەتی_سیاسی لە دیاردەی ژنکوژی وەردەگرێ و دەستی بکوژانی ژنانی ئاوەڵا هێشتووە. کۆمەڵگە و ناوەندە مەدەنییەکان پێویستە بە شێوەیەکی جیددی بێنە نێو ئەم بابەتەوە و ناشیرینبوونی ئەم دیاردەیە، نیشانی خەڵک بدەن. ئەم بەرپرسایەتییە کۆمەڵایەتییە، باشترین و کاراترین و ڕەنگە تەنیا ڕێکار بێت کە لە ئێستادا بۆ دژایەتی لەگەڵ توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگەدا بوونی هەیە و بێدەنگیی کۆمەڵگە لەمبارەوە ڕێژەی قوربانییان زیاتر دەکاتەوە؛ قوربانیگەلێک کە پێشتر قوربانیی منداڵ_هاوسەری، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، وازهێنان لە خوێندن، دووگیانبوون لە منداڵیدا بوونە و جۆرەکانی هەڵاواردنە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانیان ئەزموون کردووە.
بە وتەی ئەوین مستەفازادە، بەرپرسی ناوەندی ئامار و وتەبێژی کوردپا؛ ئەوەی سەبارەت بە ژنکوژی لە کوردستانی ئێران، بەپێچەوانەی وێژمانی حکوومەت دەبێ لەبەرچاو بگیردرێت؛ ئەمەیە کە ژنکوژی ئاکامی یەک هۆکار "هۆی نامووسی" یا "فەرهەنگی" ناولێنانی پرسەکە وەکوو خوێندنەوەی حکوومەت نییە، بە پێچەوانە حکوومەت کەڵکی سیاسی_کۆمەڵایەتیی لێ وەرگرتووە تا لەلایەک بەرپرسایەتی سەبارەت بە یاساوڕێسای توندوتیژانە و هاوکات لەگەڵ هەڵاواردن لەسەر شانی خۆی لا ببات و لەلایەکی ترەوە نیشان بدات کورد، فەرهەنگی ژنکوژیی تێدایە، لەحاڵێکدا کە فەرهەنگ پرسێکی نەگۆڕ نییە و لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی_سیاسی_ئابووریی کۆمەڵگە درێژە بە ڕەوتی خۆی دەدات.
هەروەها لە ساڵەکانی ڕابردوودا، دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی خووگری، هەژاری، بێکاری و ...، لە هۆکارە گرینگەکانی نواندنی توندوتیژیی خێزانی، ژنکوژی و بەرزبوونەوەی توندوتیژی لە ئاستی کۆمەڵگە بەشێویەکی گشتیی بووە و باقی دیاردەکانی ژنکوژی و خۆکوژی لە پێوەندی لەگەڵ ژنان تەنیا پێوەندیی بە قوربانییانەوە نییە، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا دوابەدوای داواکاریی جیابوونەوە و مافەکانی خۆیان و لە ئاکامی ئاگاهیدا بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەتەوە. کوژرانی فاتمەی تەمەن ١٧ ساڵ و هایدەی تەمەن ١٨ ساڵ دوو نموونەی ئەم دواییانەن کە لە ئاکامی ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەوان بە یاسای پیاوسالارانە و پێداگری لەسەر ماف و ئازادییەکانیان هاتووەتە ئاراوە کە لە چوارچێوەی یاسا و پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا نە تەنیا ڕێگایەکی ئەمن بۆ ڕزگاربوون نادۆزنەوە بەڵکوو بە لەدەستدانی گیانیان دەگەنە کۆتایی.
بەم حاڵەوە باسکردن لەم هۆکارانە بە مانای پاساوهێنانەوە بۆ بکوژان و ئەو توندوتیژییەی کە بەرانبەر بە ژنان دەکرێ نییە، بەڵکوو ئاماژەیەکە بۆ تێکهاڵاوبوونی هەڵاواردن و توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگەیەکدا کە یاساوڕێسا حکوومەتییەکان تێێدا بنەڕەتی بوونەتەوە و بێگومان سونەت و یاسا دژەژنەکان دەبێ بسڕدرێنەوە و بکەرانی ئەم تاوانانەش نەتوانن لە پەنای یاسادا خۆیان حەشار بدەن.